تائێستا ٢٣ کەس بە کۆلێرا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان گیانیانلەدەستداوە

21/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تووشبوون بە پەتای کۆلێرا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، تائێستاش ٢٣ کەس بە پەتاکە گیانیانلەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی سوریا بڵاویکردەوە، تائێستا ٢٥٣ کەس تووشی پەتای کۆلێرا بوون، کە ١٨٠ کەسیان لە حەلەب و ٢٩ کەسیان لە دێرەزوور و ٢٥ کەسیان لە حەسەکە و ١٣ کەسیان لە لازقیە و ٤ کەسیش لە حەمس و دوو کەسی دیکەش لە دیمەشقی پایتەختن.

راشیگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆلێرا گەیشتووەتە ٢٣ کەس، کە ٢٠ کەسیان لە حەلەبن و سێ کەسەکەی دیکەش دوو کەسیان لە دێرەزوور و کەسێکیان لە حەسەکەیە.

وەزارەتی تەندروستی سوریا داوای لە ھاووڵاتیان دەکات پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و پاکوخاوێنی و خواردنەوەی ئاو لە سەرچاوە پاکەکان.

رۆژی سێشەممە ئەحمەد مونزەری بەڕێوەبەری ھەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، فڕۆکەیەک بە نزیکەی ٣٠ تۆن ھاوکاری و پێداویستی تەندروستییەوە گەیشتووەتە دیمەشق و ھاوکارییەکانیش بە یەکسانی و بەپێی پێویستی بەسەر ھەموو ناوچەکاندا دابەشدەکرێن، بڕیارە ئەمڕۆش فڕۆکەیەکی دیکەی ھاوکاری رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بگاتە سوریا.