سۆمۆ داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکانی جیھان دەکات نەوتی ھەرێمی کوردستان نەکڕن

20/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆمپانیای سۆمۆ داوا لە کۆمپانیا جیھانییەکان دەکات چیتر نەوتی خاوی ھەرێمی کوردستان نەکڕن.

عەلا یاسری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بە کۆمپانیا نەوتییەکانی جیھانیان راگەیاندووە کە چیتر ناتوانن نەوتی خاوی ھەرێم بکڕن و سەرجەم ئەو رێککەوتنانەش کە لەگەڵ ھەرێم کراو بۆ کڕینی نەوت چیتر کاریان پێناکرێت بەھۆی ئەوەی ھەرێم ناچارە بریاری دادگای فیدراڵی جێبەجێبکات.

راشیگەیاندووە، لەئێستادا ئامادەکاریکراوە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ گواستنەوەی دۆسییەی کڕین و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، بەڵام تائێستا حکومەت رەزامەندی بۆ ئەو کارە پیشاننەداوە، بۆیە وەزارەتی نەوت ناچارە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.

بەوتەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، ساڵی رابردوو ھەرێم رۆژانە ٤٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوو، بەڵام لەئێستادا ئەو رێژەیە کەمیکردووە بۆ ٣٥٥ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمدا، لەبەرامبەریشدا حکومەتی ھەرێم ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی رەتکردەوە.