کەشناسی: سبەی لە هەندێک ناوچە ئەگەری بارانبارین هەیە

20/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێم رایگەیاند، سبەی چوارشەممە پلەکانی گەرما نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارانی پچڕ پچڕ ھەیە.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێم دەڵێت، “ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ  دەبێت، پلەکانی گەرما(١-٢ ) پلە نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە،”سبەی چوارشەممە، ئاسمان بە گشتی نیمچە ھەور دەبێت لە دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو لەسەر بەشێک لە ناوچەکەمان، لە کاتەکانی ئێوارەدا ئەگەری زیادبوونی خێرای با و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ ھەیە بە تایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک و بەشێک لە سنووری پارێزگای ھەولێر”.

ئاشکراشیکردووە،”لە ئەنجامی ھاتنی لاوازی نیمچە نزمە پاڵە پەستۆی کەنداوی عەرەب و نیمچە دوورگەی عەرەبی ئەگەری نمە بارانی پچڕ پچڕ  لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ھەیە  لە کاتەکانی درەنگانی شەودا، پلەکانی گەرما  کەمێک نزم دەبێتەوە  بە بەراوورد بە  تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو”.

ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسیدا ھاتووە،”ئەم ناجێگیریە لە کەشی ناوچەکەمان تا درەنگانی شەوی پێنجشەممە بەردەوامی دەبێت و رۆژی ھەینی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماش بەردەوامی دەبێت و تەواوی ناوچەکەمان نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بە خۆوە دەبینێت” .