ئەنتۆنی بلینکن: دەبوو ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە

20/09/2022
ئەنتۆنی بلینکن
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەبوو ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە، داواشی لە حکومەتی ئێران کرد کۆتایی بە سیستمی چەوساندنەوەی ژنان بھێنێت.

"بلینکن" لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی، دەبوو ئێستا ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە، بەڵام لەبری ئەوە ئەمریکا و گەلی ئێران ماتەمین و دڵتەنگن بەو رووداوە. 

"بلینکن" داواشی لە حکومەتی ئێران کرد، کۆتایی بە سیستمی چەوساندنەوەی ژنان بھێنێت و رێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات.  

پێشتر، کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووداوەکە کارێکی تۆقێنەرە و  پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.

داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد توندوتیژییەکان دژ بەو ژنانە رابگرن کە پەیڕەوی ئازادییە بنەڕەتییەکانیان دەکەن، داواشیکرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەشکەنجەی ژینا ئەمیینان داوە و بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.