ئەگەر ھەیە لەناوەڕاستی ھەفتەدا نمە باران ببارێت

17/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ڕۆژی دووشەممەەوە کەشوھەوای عێراق گۆڕانکاری بەسەردادێت و لە ناوەڕاستی ھەفتەش لە ناوچەکانی باکور و ناوەڕاست و خۆرئاوا نمە باران دەبارێت.

سادق عەتییە لە ناوەندی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، ھەڵکردنی بای باکوری خۆرئاوا بەسەر ناوچەکانی باشور و فوراتی ناوەڕاست بەردەوامی دەبێت و لە ھەندێک ناوچەش خۆڵبارینی کەم ڕوودەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناوەڕاستی ھەفتەوە زۆربەی ئاسمانی عێراق پەڵە ھەور دەبێت، بەو ھۆیەشەوە لە شارەکانی ناوەڕاست و باکور و خۆرئاوای عێراق ئەگەری نمەباران ھەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی و کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی رابردوو دوو پەلە بەرز دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوچەی حاجی ئۆمەران فێنکترین ناوچەی ھەرێم دەبێت و گەرمیانیش بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمار دەکرێت و دەگاتە ٤٣ پلەی سیلیزی.