عێراقییەکان لە پلەی سێیەمدان بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا

17/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە دوای روسی و ئێرانییەکان ھاوڵاتیانی عێراق لە پلەی سێیەمدان بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا.

دەستەی ئاماری تورکیا بڵاویکردەوە، بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، لەمانگی ئابی رابردوودا فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوون بە بیانییەکان لە تورکیا بە رێژەی ١٠.١% کەمبووەتەوە و تەنھا ٥ ھەزار و ٢٧٣ یەکەی نیشتەجێبوون بە ھاوڵاتیانی بیانی فرۆشراوان و ئەنتاڵیاش لە پلەی یەکەمدایە و ھەزار و ٨١٤ یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا فرۆشراوە، لە ئیستەنبوڵیش ھەزار و ٧٥٠ یەکە فرۆشراوە، ئاشکراشیکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئابی رابردوو، لە تورکیا ٤٤ ھەزار و ٥٩٥ یەکەی نیشتەجێبوون بە بیانییەکان فرۆشراوە.

دەستەی ئاماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردوە، ھاوڵاتیانی عێراق لە مانگی رابردوودا ٤١٧ یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیووە کە لە دوای ھاوڵاتیانی روسیا و ئێران لە پلەی سێیەمدان بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا.