چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ھۆشداری دەداتە چەند لایەنێک

17/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی ھەوڵدان بۆ تێکدانی رەوشی عێراق و قوڵکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان ھۆشداری دەداتە چەند لایەنێک.

چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، زانیاری ورد و بەڵگەی تەواویان لە بەردەستدایە کە ھەندێک لایەن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھانی ھاوڵاتیان دەدەن بۆئەوەی لە دوای کۆتایی ھاتنی چلەی ئیمام حسێن، جارێکی تر دەست بەخۆپیشاندان و توندوتیژی بکەنەوە، جەختیشیکردوەتەوە، دڵنیان لەوەی رەوتی سەدر و خودی موقتەدا سەدریش لەو ھەوڵانە بەدوورن و ھیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی راشیگەیاندوە، ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن لەدوای کۆتایی ھاتنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکاتەوە و حکومەتی نوێ پێکبھێنرێت، ھەر لایەنێکیش کار بۆ نانەوەی ئاژاوە بکات و ھەوڵی تێکدانی رەوشی عێراق بدات، بە قورسی باجەکەی دەدات.