چاوەڕواندەکرێت کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی لەسەر رەوشی عێراق ئەنجامبدرێت

15/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بڕیارە لە نەجەف لە شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی عێراق ئەنجام بدرێت.

سەرکردەیەکی باڵا لە رەوتی سەدر بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی، کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەری لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نەجەف کۆبکاتەوە. 

ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر کە ناوەکەی ئاشکرانەکردووە دەشڵێت، پەیوەندی بەردەوام ھەیە لەپێناو رێکخستن و ئامادەکاری بۆ ئەو کۆبوونەوە پێنج قۆڵییە، ھەوڵیش دەدرێت سەدر رازی بکەن نەھێڵێت لایەنگرانی بچنەوە سەر شەقام، بەڵام تا ئەم ساتە سەدر ھەموو جۆرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام رەنگە فشارەکان کاریگەرییان ھەبێت. 

ھاوکات عەلی فەتلاوی سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، دوای چلەی ئیمام حسێن کۆبوونەوەیەک لە حەنانە لە نێوان سەدر و چەند سەرکردەیەکی سیاسی ئەنجام دەدرێت، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی پێکھێنانی حکومەتی نوێ.