بەشێک لە وڵاتانی جیھان گۆڕانکاری لە سیاسەتی داراییدا دەکەن

28/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بە کاریگەری زیانەکانی کۆرۆنا وڵاتانی خاوەن ئابووری بەھێزی جیھان کەوتوونە ژێر قەرزێکی زۆرەوە و بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرزانەش ھەوڵدەدەن لە ڕێگای بانکی ناوەندییانەوە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دارایدا بکەن.

ئاژانسی بلومبێرگ پێشبینی و بە دواداچوونی بۆ ٢٣ بانکی ناوەندی لە جیھاندا کردووە لە بارەی کەمکردنەوە یاخود بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود و بە گوێرەی توانای بانکە ناوەندییەکانی وڵاتان ھێشتا ئابووری جیھان بە شێوەیەکی زۆر سست گەشە دەکات، ھەروەھا یەدەگی بانکی فیدڕاڵی و بانکی ناوەندی ئەوروپا و بانکی ناوەندی ژاپۆن لەو ١٦ دامەزراوەی جیھانن کە نیازیان نیە ئەمساڵ ڕێژەی سوودی بانکی بەرزبکەنەوە.


دامەزراوە داراییە  جیھانییەکان پێشبینی دەکەن شەش بانک کە زۆرینەیان لە وڵاتی تازە پێگەیشتوون نرخی سوود بەرزبکەنەوە لەوانە ڕووسیا، بەڕازیل، نەیجیریا و ژمارەیەک لە بانکەکانی دیکە بە پێچەوانەوە پێشبینی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود دەکەن لە ماوەی ئەمساڵدا.


بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگ نرخی سوود لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا بە ڕێژەی ٠.٢٪ تا کۆتای ئەمساڵ بە جێگیری دەھێڵێتەوە و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ٢٠٢٣ ئەمریکا ڕێژەی سوود بگەیەنێتە نزیک سفر.


سەبارەت بە ئەوروپاش بلومبێرگ پێشبینی دەکات ڕێژەی سوود لە بانکی ناوەندی ئەوروپا تا کۆتای ٢٠٢١ وەک خۆی بمێنێتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ کۆمپانیاکان و ھاوڵاتیانی تا ئەو کاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکجاری کۆتای دێت. تا ئێستا زیاتر لە ٢ تڕیلیۆن و ٢٠٠ ملیار دۆلاری بۆ ئەو مەبەستەش تەرخانکردووە، ھەروەھا مەرجەکانی پێدانی قەرزیشی ئاسانکردووە و ئەم بەرنامەیەش تا ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت.


بانکی نیشتمانی چین بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانەکان و ئاسایی بوونەوەی چالاکیە ئابووریەکان ڕێژەی سوودی تا کۆتای ئەمساڵ بۆ ٣.٨٥٪ کەمکردەوە و بڕی قەرزەکانیشی بۆ کەرتی تایبەت و ھاووڵاتیانی زیادکردووە، بە گوێرەی پێشبینیەکانی دامەزراوە داراییەکانی حکومەتی چین ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەی ئابووری وڵات و ھەوڵیش دەدەن پێداچوونەوە بە سیاسەتی دارایدا بکەن.