تەندروستی جیھانی: تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە جیھاندا ٢١% کەمیکردووە

26/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێت، تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە جیھاندا ٢١% کەمیکردووە و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تائێستا یەک ملیۆن کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردووەتەوە، تەنھا لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا پێنج ھەزار و ٩٠٧ تووشبووی نوێی ئاوڵەی مەیمون لەسەر ئاستی جیھان تۆمارکراوە و لە ئێران و ئیندۆنیزیاش یەکەم حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە، بەوەش کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٥ ھەزار تووشبوو لە ٩٨ وڵاتی جیھان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە ھەفتەکانی پێشووتر، ھەفتەی رابردوو تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون ٢١% کەمیکردووە.

رێکخراوی تەندروستی جیھانی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناش رایگەیاندووە، ھێشتا ئەو ڤایرۆسە ھەڕەشە و مەترسییە لەسەر جیھان و کۆتایی نەھاتووە، ئاشکراشیکردووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لەھەموو جیھاندا یەک ملیۆن کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.