هومایۆن شەجەریان دوو بەرهەم بە زمانی کوردی بڵاو دەکاتەوە

22/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی ھۆمایون شەجەریان دوو بەرھەمی کوردی بڵاو دەکاتەوە و لە پەڕە تایبەتەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی چۆنیەتی دروستکردنی ئەم دوو بەرھەمە ئەکات.

ھۆمایون شەجەریان نووسیویەتی: لە ساڵی ٢٠٠٨ شانازی ئەوەم پێ بەخشرا کە لەژێر سێبەری باوکم و لەگەڵ گروپی مۆسیقای "ئاوا" بۆ کۆنسێرتێک سەردانی سلێمانی بکەم. لەو سەردانەدا میوانداری و مێھرەبانی بێ‌سنووری خەڵک و ھونەرمەندان لە سات بە ساتی سەفەرەکەمان، وەکوو گەرمای خۆرەتاو گیانی پێ بەخشین و جگە لە سوپاس و پێزانینێکی ئاسایی ھیچمان لەدەست نەدەھات.

لەو سەردەمەوە دۆستایەتییەکی پڕاوپڕ لە مێھر و خۆشەویستی لە نێوانماندا دروست بوو کە تا ئێستاش لەگەڵ مندایە. بیرەوەرییەکانی ئەو سەفەرە ھەرگیز لام کاڵ نەبووەوەو بووە ھۆی ئەوەی ساڵی ٢٠١٢ بۆ جاری دووەم سەردانی ئەو شارە بکەمەوە، لەو سەردانەدا بیرۆکەی وتنەوەی دوو بەرھەمی کوردی باسکرا کە بە ھەموو گیانەوە پێشوازیم لێکرد، لەو رووەوە کە لەگەڵ بڕێک لە وشەکانی ئەم زمانە جوان و دێرینەدا زۆر ئاشنا نەبووم و لە گۆڕینی وشەو ماناکان ئەترسام پێم باش بوو وەکوو ئاوازی " رو سر بنە بە بالین"ی باوکم ئەم دوو ئاوازەش بە زمانی فارسی و مۆسیقای کوردییەوە بخوێنم، بەڵام دۆستانی ھونەرمەندم ئەیانوت کە بە زمانی کوردی خوێندنی ئەم بەرھەمانە شەوقێکی زیاتری ھەیە بۆیان و منیش لە کۆتاییدا بڕیارم داو ھەوڵم دا بە فامکردنی مانای شێعرەکان بە زمانی کوردی بیخوێنم و ھیوادارم لای ئێوە سەربەرز بم، ئەم دوو بەرھەمە لە ناخی دڵمەوەو بە ھەموو گیانمەوە پێشکەش ئەکەم بە ھەموو ھۆگرانی ئازیز، بە تایبەت ئازیزانی کوردزمانم لە ئێران و ھەموو جیھان.

ھیوادارم ئاگاداربن بە ھۆی عەشقی بێ‌پایانم دەستم دایە ئەم جۆرە بەرھەمانە، عەشق بە مۆسیقا، عەشق بە ئێران، بە ھەموو شار و زمان و زاراوەکانییەوە. 

جێگای ئاماژەیە ساڵی ٢٠٠٨  مامۆستای گەورەی مۆسیقا مامۆستا محەمەد رەزا شەجەریان و گروپی مۆسیقای ئاوا لەسەر بانگھێشتی فەرمی ھێرۆخان سەردانی سلێمانییان کرد و لە لایەن دەزگای میدیایی کوردساتەوە کۆنسێرت و چەندین بەرنامەی ھونەرییان بۆ رێکخرا.