زیانی مانگانەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاشکرا دەکرێت

18/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە ١٥ ملیار دینار زیان بە کێڵگە پەلەوەرییەکان دەگات.

‎نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف بەردەوام لە زیاندان، لە جەژنی قوربانی رابردووەوە تائێستا ئەگەر لە ٥٠٠ ھۆڵ مریشک فرۆشرابێت و ھەر ھۆڵێک ٣٠ ملیۆن دینار زیانی کردبێت، کۆی گشتی لەو ماوەیەدا ١٥ ملیار دینار زیان بەر کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیشتووە.

 وتیشی، توانیوویانە ژمارەیەکی زۆر ھەلی کار لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بەگەڕبخەن، بۆیە پێویستە حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ گرنگی زیاتر بە کێڵگە پەلەوەرییەکان بدەن بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی، چونکە مریشکی ناوخۆ بەشێوەیەکی زانستی دەخرێتە بازاڕەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، لە ھەرێم ٣٨ کارگەی دروستکردنی عەلەف ھەیە، بەڵام ئەو کارگانە نرخی عەلەفیان دانەبەزاندووە و لەئێستادا تۆنێک عەلەف بە ٧٠٠ دۆلارە، لەکاتێکدا زۆربەی پێداویستی و خواردەمەنییەکان لە ھەرێم نرخیان دابەزیووە.