لەیلا عومەر: کۆمەڵێک کەسی دەمووچاو دووبارە بوونەتە مافیا بۆ زەوییەکانی شارەوانی

16/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، کۆمەڵێک کەسی دەمووچاو دووبارە بوونەتە مافیا بۆ زەوی و دوکان و خانووەکانی شارەوانی و پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن.

لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەر کەسێک زەوی ھاووڵاتیان یان دەوڵەت ئیفراز بکات و بیەوێت بە نھێنی بیفرۆشێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.

راشیگەیاند، ماوەیەکە تێبینی ھەندێک کاری نامۆیان کردووە کە ھەڕەشەن بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتیان و موڵک و ماڵی دەوڵەت، چونکە کۆمەڵک کەسی دەمووچاو دووبارە پەیدابوون کە بوونەتە مافیا بۆ زەوییەکان و کۆشەکەکان و دوکان و خانووەکانی شارەوانی و پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و ھەندێکیان بەناوی حزب و بەرپرسەوە قسە دەکەن.

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی دەوڵەت و ھاووڵاتیان، داوای زیادکردنی ژمارەی پاسەوانەکانی شارەوانی سلێمانیمان کردووە، چونکە ژمارەیان کەمە، بەڵام بەھۆی راگرتنی دامەزراندن بۆیان زیادنەکراوە، بۆیە داوایان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە پشتگیر و پشتیووانیانبن، چونکە کۆمەڵێک کەس پەیدابوون کە زەوی ھاووڵاتیانیان ئیفراز دەکەن، بەڵام ئەوان داوای ھێزیان کردووە بۆ رێگری لە فرۆشتنی ئەو زەوییانە بەنھێنی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، بەرامبەر ھەر کەس کە بیەوێت ئەو زەوییانە بە نھێنی بفرۆشێت.