ئۆکراین: تائێستا زیاتر لە ٤٠ ھەزار سەربازی ڕوسی کوژراون

16/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی بەرگری ئۆکراین ئاشکرایکرد، لەسەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین تائێستا زیاتر لە ٤٠ ھەزار سەربازی ڕوسی کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ئۆکراین دوایین ئاماری کوژراوانی سوپای ڕوسیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ٢٤ی شوباتەوە تا ١٥ی ئاب، ٤٣ ھەزار سەربازی روسی کوژراون.

ڕاشیگەیاندووە، زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ تانک و چوار ھەزار و ١٠٠ زرێپۆش و ھەزار گوللە ھاوێژ و ٧٨٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین کەلوپەلی سەربازی دیکەی ڕوسیا لەناوبراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕوسیا دوا ئاماری کوژراوەکانی لە ئۆکراین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو، ھەزار و ٣٥١ سەربازی کوژراون، بەڵام ئەمریکا لەو کاتەدا دوپاتیکردووە کە ژمارەی کوژراوانی سوپای ڕوسیا نزیکەی پێنج ھەزارە.