چوارچێوەی ھەماھەنگی سوورە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق

16/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چوارچێوەی ھەماھەنگی سوورە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق، بەچەند مەرجێکیش پشتیووانی لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات.

شەوی رابردوو سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغداد کۆبوونەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە عائید ھیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، سوورن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ و پاشەکشە لەو بژاردەیە ناکەن و چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت بە بەشداری ھەموو لایەنە سیاسییەکان و بەبێ پەراوێزخستنی ھیچ لایەک بە رەوتی سەدریشەوە حکومەتی نوێ پێکبھێنێت.

سەرچاوەیەکیش لەچوارچێوەی ھەماھەنگی ئاشکرایکردووە، چوارچێوە لە کۆبوونەوەیەکەیان جەختیان کردووەتەوە لە پشتبەستن بەچارەسەرە دەستوورییەکان وەک بنەما بۆ سازدانی دیالۆگی نیشتمانی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و چوار مەرجیشیان بۆ پشتیووانیکردن لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت ھەیە.

سەرچاوەکە وتیشی، مەرجەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆیان دەبیننەوە، لە پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە سەرۆکایەتیی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی و کۆتاییھاتنی حکومەتی ئێستا و گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و سازدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرە دەستوورییەکان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی ھێزە سیاسییەکان، بۆ بڕیاردان لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.