مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دەکات

15/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی تێپەربوونی حەفتا و شەش ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەکات و رایدەگەیەنێت، ئومێدەوارن ھەوڵەکانیان بە جۆرێک یەکبخەن، کە لە قازانجی یەکریزی و پێکەوەیی گەلەکەماندا بێت، بە تایبەت لە بەغداد بە یەک پاکێجی نیشتمانی وکوردستانییەوە ڕوبەڕووی ئەوبارودۆخە نەخوازراوەی ئێستای عێراق ببنەوە.

دەقی پەیامەکە...

بەرێز مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی تێپەربوونی حەفتاوشەش ساڵەی  دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان. پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و ھیوادارین ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانمان  لە پێناو ڕەوینەوە وتێپەڕاندنی گشت ئەو لەمپەڕانەی کەلەسەر رێگەی لێکتێگەیشتمان لە کاری ھاوبەش لە کوردستان و عیراق  و بە تایبەتی  لەرێی گەشەپێدانی سیاسەتێکی دادپەروەرانەی کوردستانیی حوکمڕانی و ئابووری و خزمەتگوزاریدا دروست بوون .

 ھەر لەم یادەدا ئومێدەوارین پرس و جوڵە سیاسیەکانی جیھان و ناوچەکە و عیراق  بەھەند وەربگیرێت و گشت  ھێز و لایەنە سیاسییەکان ھەوڵەکانمان بە جۆرێک یەکبخەین کە لە قازانجی یەکریزی و پێکەوەیی گەلەکەماندا بێت، بە تایبەت لە بەغدا بە یەک پاکێجی نیشتمانی وکوردستانییەوە ڕوبەڕووی ئەوبارودۆخە نەخوازراوەی ئێستای عیراق ببینەوە بۆ دەربازکردنی ووڵات لەو دۆخەی تێیکەوتوە. 

 جارێکی تر ساڵیادی دامەزراندنی  پارتی دیموکراتی کوردستان  پیرۆز بێت  وسەرکەوتوبن                                      


مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان