قوباد تاڵەبانی: کوڕان و کچانی کوردستان دەتوانن داھێنەربن

11/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە مەڕاسیمی بەخشینی بڕوانامەی رێزلێنان بەبەشداربووانی فیستڤاڵی تێک فێست، رایگەیاند، نەوت و گاز ھەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداھێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت.

لەمەڕاسیمەکەدا کەلەلایەن رێکخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ وبەشی گەنجانی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران رێکخرابوو و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١/٨ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، کاتێ باسی داھێنانی تەکنەلۆژیا دەکەین بیرمان دەچێ بەلای وڵاتە پێشکەوتوەکان، بەڵام ئێوە ئەوەتان رەتکردووەتەوە و سەلماندووتانە کەگەنجەکانی خۆمان، کوڕان و کچانی کوردستان دەتوانن داھێنەربن.

وتیشی، دەرفەتێکمان بۆ رەخساوە کەببینە ناوەندێک بۆ داھێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە، چونکە کۆمەڵگەیەکی گەنج و توانایەکی مرۆیی بەھێزمان ھەیە و بەلای کەمەوە دەتوانین ببینە ناوەندێک بۆ داھێنانی تەکنەلۆژیا لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست. 

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە بازاری کوردستان بازارێکی فراوانە و دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەستدایە، چونکە تەکنەلۆژیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی ئابورییەکی بەھێز لەکوردستان، وتیشی، بۆ ئەمەش ھاوکارتان دەبین و ھانی کۆمپانیا گەورەکان دەدەین تا پشتیوانتان بن.

قوباد تاڵەبانی بەبەشداربوانی تێک فێستی راگەیاند، داھێنانەکانتان رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەبەھێزکردنی کەرتی تایبەت و زیادکردنی ھەلی کار چونکە دەزانین نەوت و گاز ھەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداھێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت.

ھەر لەبارەی گرنگی تەکنەلۆژیاوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەکاریگەریی گۆرانکارییەکانی کەشوھەوا و ژینگە کرد و وتی، کاتێ کەدەڵێین دەمانەوێ کوردستان سەوز بکەینەوە خۆمان  لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدا دەبینینەوە کە وشکەساڵییە و دەشزانین کەناتوانین بەسیاسەتی کۆن تێی پەڕێنین و پێویستمان بەداھێنانە لەبواری ئاودێری و بیرۆکەی نوێ بەپشتیوانی تەکنەلۆژیا. 

لەکۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە؛ دەکرێ سەرەڕم بن بۆ رووبەرووبونەوەی رکابەرییەکان و چارەسەری ئەو بۆشاییانەی ئەمرۆ ھەن لەبەرێوەبردن و سستمی موچە و دابەشکردنی، لەوبارەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و پێی راگەیاندن؛ بەھیوام ساڵ لەدوای ساڵ داھێنانتان زیاتر بێت تا ببێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ سلێمانی و لەئایندەشدا ببێت بەفێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.