٣٠٨ رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی تورکی دژایەتی ئۆپراسیۆنەکەی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکەن

11/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

زیاتر لە ٣٠٠ رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی تورکی دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و داواش دەکەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ھەڵوێستی جدیان لەو بارەیەوە ھەبێت.

لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ٣٠٨ رۆشنبیر و ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و نوسەر و ھونەرمەندی تورکی دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپراسۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و ئیدانەی ھێرشەکانی تورکیاش دەکەن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بیانوی تورکیا بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەڕەشەکان لەڕێی ئەو ئۆپراسیۆنەوە تەنھا پاساوێکە کە ھاوپەیمانی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دەشڵێن ئەو ئۆپراسیۆنە سودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت جگە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەڵکو زیانیشی بۆ گەل دەبێت. 

رۆشنبیرانی تورکیا راشیانگەیاندووە، تەرخانکردنی پارە بۆ چەک و جەنگ لە وڵاتێکدا کە ملیۆنان کەس لە ھەژاریدا دەژین، کێشە ئابورییەکان و قورسی ژیان زیاتر دەکات، ھەروەھا رەخنەشیان لە ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن گرتووە کە ھەڵوێستێکی توند نییە و دەڵێن ئەگەر ھەڵوێستی جدی رانەگەیەنن، ئۆپۆزسیۆنیش دەستی دەبێت لەو ئۆپراسیۆنەدا.