وەزارەتی ناوخۆ دوا وادەی بۆ ڕادەستکردنی چەکی بێ موڵەت ئاشکرا کرد

11/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی ناوخۆ دوا وادەی بۆ ڕادەستکردنی چەکی بێموڵەت ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، ئامادەکاری کراوە ئەو کەسانەی لە ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس کار دەکەن لە دوای دەوامی فەرمی چەکەکانیان لە شوێنێکی تایبەت دابنێن.

 د. ھێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند،  ھەموو شوێنە فەرمی و نا فەرمییەکانی فرۆشتنی چەکی بێمۆڵەت داخراون، لە جێگەی ئەوە شوێنێکی مۆدێرن دابین دەکرێت و بەشێوەیەکی سنوردار کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەکی تێیدا ئەنجام دەدرێت.

وتیشی، ژمارەی ئەو چەکانەی دەستی بەسەردا داگیراوە زۆر نین، ماوەی ساڵێکیش دانراوە بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان چەکە بێمۆڵەتەکانیان ڕادەست بکەن.

میرانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیار ھەیە بۆ ئەوانەی کە لە ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس کار دەکەن، تا لە دوای دەوامی فەرمی چەکەکانیان لە شوێنێکی تایبەت دابنێن بۆ ئەو مەبەستەش دەست بە زەمینەسازی و ئامادەکاری کراوە و ساڵێک دانراوە بۆ پڕۆسەی دروستکردنی کۆگای چەک بۆ ئەوەی ئەو کارمەندانەی دەوامیان تەواو دەبێت چەکەکانیان دابنێن تاوەکو دەگەڕێنەوە دەوامی خۆیان.