تورکیا: دوای ساڵی ٢٠٢٣ سەرجەم ئاوارەکانی سوریا دەگەڕێنینەوە بۆ ناوچەکانیان
کوردسات نیوز
ئامادەکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و حکومەتی ئەو وڵاتە بەڵێن دەدات دوای ساڵی ٢٠٢٣ سەرجەم ئاوارەکانی سوریا بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانیان.
خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری خۆرھەڵاتی سوریا لە قۆناغی کۆتاییدایە و دەشڵێت، وڵاتەکەی چاوی لەسەر داگیرکردنی خاکی ھیچ وڵاتێکی دیکە نییە، ئاشکراشیکرد، تورکیا چاودێری نۆ ملیۆن ئاوارەی سوری دەکات کە بەشێکیان لە تورکیان و بەشێکی دیکەشیان لە سوریان، ھەربۆیە کاردەکەن بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێننەوە بۆ ناوچەکانیان.
دەریا یانک وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی تورکیاش ڕایگەیاند، کۆتایی بە دۆسییەی ئاوارەکانی سوریا دەھێنن و دوای ساڵی ٢٠٢٣ ئاوارەکانی ئەو وڵاتە دەگەڕێننەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
|