سەدر: ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان داواکاری گەلە و بژاردەیەکی دیکە نییە

06/08/2022
موقتەدا سەدر
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

موقتەدا سەدر دەڵێت، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواکاری گەلە و ھیچ بژاردەیەکی دیکە نییە.

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە توێتێکدا باسی لەوەکردووە، لەلایەن گەل، ھۆز، ئەکادیمی، کۆمەڵی مەدەنی، وتاربێژی مەینبەری حوسێنی،  زانایانی حەوزەی عیلمی و ھەندێک لەسەرکردەکانی سونە و کورد و تەنانە شیعەکانیش وەڵامی ئەرێنی ھەبووە بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

موقتەدا سەدر داواش دەکات پاڵپشتی بن بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە گەندەڵی  و پاشکۆیەتی  و کاربکەن بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پڕۆسەی سیاسی کە زیانی بە پەرستش و وڵات گەیاندووە، سەدر بانگھێشتیان دەکات بۆ کاری جددی و دوورکەوتنەوە لە گفتوگۆی بێ ئەنجام و جەخت دەکاتەوە لەوەی عێراق پێویستی بە کردار ھەیە نەک گوفتار.

سەدر دەشڵێت با ھەمووان بزانن شۆڕشگێران بەردەوام دەبن لە شۆڕشەکەیان تاکو بەدیھێنانی ئامانجەکەیان و ھەرگیز سازش ناکەن، چونکە ئەوە چانسی یەکەم و کۆتاییە. ئاشکرایکردووە، داواکاری ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران داواکاری گەل و سیاسی و دەستەبژێرەکانە و ھیچ بژاردەیەکی دیکە نییە ئەوەش دەمی ھەموو گەندەڵکارانی داخستووە.