پۆڵەندا: ئەمساڵ حەوت ھەزار کۆچبەر ھەوڵیانداوە لە سنوورەکانمان بپەڕنەوە

06/08/2022
کۆچبەران لە سنوری بێلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا دەڕۆن.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمساڵ زیاتر لە حەوت ھەزار کۆچبەر ھەوڵیانداوە، لە بێلاڕووسەوە سنوورەکانی پۆڵەندا ببەزێنن و بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بڕۆن.

دەستەی پاسەوانی سنوورەکانی پۆڵەندا، ئاماری ھەوڵەکانی تێپەڕبوونی لە سنوورەکانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە حەوت ھەزار کۆچبەر ھەوڵیانداوە لە سنوورەکانی بێلاڕووسەوە بەرەو پۆڵەندا بپەڕنەوە.

ڕاشیگەیاند، بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە سنوورەکانیان، دیواریان بە درێژایی سنوورەکانیان لەگەڵ بێلاڕووس بنیادناوە و دروستکردنی دیوارەکەش مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆتایی ھاتووە و درێژیەکەی ١٨٦ کیلۆمەتر و بەرزییەکەی پێنج مەتر و نیوە.

ساڵی رابردوو ھەزاران کۆچبەر کە زۆرینەیان کورد و عێراقی بوون، ھەوڵیاندا لە سنوورەکانی بێلاڕووسەوە بەرەو پۆڵەندا بپەڕنەوە، بەڵام شکستیانھێنا و بەشێکی زۆری کۆچبەرە کورد و عێراقییەکان بە فڕۆکە لە بێلاڕووسەوە گەڕێندرانەوە.