فەرمانبەرانی گرێبەست بەشدارییکردنیان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ رەتدەکەنەوە

06/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فەرمانبەرانی گرێبەست بەشدارییکردنیان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ رەتدەکەنەوە و رایدەگەیەنن، " سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی داوای ڕەوای سەرجەم چین و توێژەکانین، بەڵام بەھیچ جۆرێک بەشداری لەو خۆپیشاندانە ناکەین و نامانەوێت پرسەکەمان تێکەڵی ململانێی حزبی بکرێت".

لە راگەیەندراوێکی دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەستدا ھاتووە، ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندان لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێکدەخرێت و لەلایەن کەناڵی رەسمی ئەو حزبەشەوە ئەوە ڕاگەیەندراوە فەرمانبەرانی گرێبەست بەڵێنی پشتیوانی و بەشداریکردنیان داوە لەم خۆپیشاندانە، ئێمە وەک دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست سەرلەبەری ئەو ھەواڵە ڕەتدەکەینەوە.

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان پشتیوانی داوای ڕەوای سەرجەم چین و توێژەکانین بەڵام بەھیچ جۆرێک بەشداری لەو خۆپیشاندانە ناکەن و نایانەوێت پرسەکەیان تێکەڵی ململانێی حزبی بکرێت، داواکاریشین ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی بۆ مەرامی حزبی بەناوی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە لێدوان نەدەن.