حکومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ رواندا

06/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دۆسیەی ناردنی پەنابەرانی نایاسایی لەلایەن بەریتانیاوە بۆ رواندا کێشەی لە نێوان لەندەن و دادگای باڵای ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ دروستکردووە و یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش دەڵێت، ئەگەر ناچار بن لەو دادگایە دەکشێنەوە.

لە مانگی نیسانی رابردوو حکومەتی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیری پێشووی ئەو وڵاتە رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی رواندا کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەفریقا ئیمزا کرد، بە مەبەستی رەوانەکردنی ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا و ھیچ مافێکی مانەوەیان نییە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری جیھانی لێکەوتەوە بەتایبەتیش، لەلایەن رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ.

سەرەڕای ناڕەزاییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی بەریتانیا سوور بوو لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و بڕیاریدا لە مانگی حوزەیرانی رابردوو یەکەم کاروانی کۆچبەران رەوانەی رواندا بکات، بەڵام دادگای باڵای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ بەبڕیارێک رێگەی نەدا بەریتانیا یەکەم کاروانی کۆچبەران رەوانەی رواندا بکات، ئەوەش بووەھۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان لەندەن و ئەو دادگایە.

لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس جۆنسۆن لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دوو بەھێزترین کاندیدی ئەو پۆستە کە بریتین لە لیز ترەس و ریشی سوناک، چەندین جار باسی ئەو رێککەوتنەیان کردووە و یەکێکە لەو بابەتانەی کە ھەردووکیان کۆکن لەسەری و دەڵێن جێبەجێی دەکەن و پەنابەرانی نایاسایی رەوانەی رواندا دەکەن.

لە نوێترین چاوپێکەوتنیشدا ریشی سوناک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، لە ئێستادا بڕیاری دادگای باڵای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنی رێکەوتنی ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ رواندا راگیراوە، بەڵام ئەو رێککەوتنە جێبەجێ دەکەن.

وتیشی، ئێستا چاوەڕوانی ئەوەن دادگای باڵای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەپێچەوانەشەوە ھەموو بژاردەکان کراوەن، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش ئەگەر ناچار بن ئەندامێتییان لەو دادگایە دەکشێننەوە.