ئەردۆغان داوا لە پوتن دەکات لەگەڵ زیلینسکی لە تورکیا کۆببێتەوە

06/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوا لە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا دەکات لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ھاوتا ئۆکراینییەکەی، لە تورکیا کۆببێتەوە.

ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە سوچی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، سەڕەرای ئاستەنگییەکان بەڵام بڕوایەکی تەواوی ھەیە کە قەیرانی ئۆکراین تەنھا لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت، لە دیدارەکەشیدا لەگەڵ پوتن جارێکی تر پێی وتووە دەتوانێت کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ھاوتا ئۆکراینییەکەی لە تورکیا بۆ رێکبخات.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیشیکردەوە، لەگەڵ روسیا بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەسەرجەم بوارەکاندا، لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیری لە جیھاندا، ھیواشی خواست دیدارەکەی سوچی سود بەخش بێت بۆ ناوچەکە بەگشتی و ھەردوو وڵات بە تایبەتی.

رۆژی ھەینی ئەردۆغان و پوتن لە ھاوینەھەواری سوچی روسیا کۆبوونەوە و جەنگی ئۆکراین و رەوشی سوریا و پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.