بنکەیەکی سوپای تورکیا لە عەفرین کرایە ئامانج و چوار سەرباز بریندار بوون

06/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بنکەیەکی سوپای تورکیا لە ناوچەی عەفرین کرایە ئامانج و بەھۆیەوە چوار سەربازی وڵاتەکە و سێ چەکداری تر برینداربوون.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بنکەی سەربازی تورکیا لە گوندی عەناب لە خۆرھەڵاتی شاری عەفرین تۆپباران کراوە و لە ئەنجامدا چوار سەربازی تورکیا و سێ چەکداری نزیک لەو وڵاتە بریندار بوون.

 ئاماژە بەوەشکراوە، سەرچاوەی تۆپبارانەکە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی سوریا و ھێزە کوردییەکان بووە لە ریفی حەلەب.

لە بەرامبەردا سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، چەند گوندێکیان لە ناحیەی شەرا و ناوچەی شەھبا تۆپباران کردووە. 

ھاوکات لە گوندی مەرعەناز لە باکوری شاری حەلەب، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپە چەکدارەکان روویداوە.