ھەسەدە ٥٦ کەسی دەستگیرکرد کە بەنیازبوو لە ڕێگەی تونێلێکەوە لە کەمپی ھول ڕابکەن

05/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەسەدە ٥٦ کەسی دەستگیرکرد کە بەنیازبوو لە ڕێگەی تونێلێکەوە لە کەمپی ھول ڕابکەن.

ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لەناو کەمپی ھول لە سوریا دەستیان بەسەر تونێلێکی شانە نوستووەکانی داعشدا گرتووە کە بەکاریانھێناوە بۆ ڕفاندنی ھاووڵاتیان و ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و تیرۆکردن.

بەپێی وتەی سەرچاوەکان، تونێلکە لەناو کەمپی ھولەوە ھەڵکەندراوە تاوەکو دەگاتە دیواری دەرەوەی کەمپەکە بۆ ئەوەی لەوێوە ھاتووچۆی تێدا بکەن.

ھەسەدە ڕایگەیاندووە، توانیویان ھەوڵێکی شانە نوستووەکانی داعش بەھۆی دۆزینەوەی تونێڵکەوە پوچەڵ بکەنەوە کە تیایدا ٥٦ کەسیان دەستگیرکردووە دوای ئەوەی لە تونیڵکەوە چونەتە دەرەوە و لەناو بارھەڵگیرێکی کەرەستەی گواستنەوەی بیناسازیدا خۆیان حەشار داوە.

ھەسەدە باسی لەوەشکردووە، دەستگیرکراوەکان ٣٩ منداڵ و ١٧ ژن بوون، یەکەمینجار نییە لەناو کەمپەکەوە ھەوڵی ڕاکردن دەدرێت.