ئاوڵەی مەیمون لە ئەمریکا بەشێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوە

05/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئاوڵەی مەیمون لە ئەمریکا بەشێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوە، ئیدارەی ئەو وڵاتەش پلان بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی تەندروستی گشتی دادەنێت.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری لێپرسراوانی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردووەتەوە، رۆژ لە دوای رۆژ مەترسییەکانی ئاوڵەی مەیمون زیاتر دەبێت و زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەجۆرێک لە شارێکەوە دەگاتە شارێکی دیکە، کە ئەوەش مەترسییەکی زۆری لەسەر کەرتی تەندروستی گشتی و ژیانی ئەمریکییەکان دروستکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە راوێژ لەگەڵ لێپرسراوانی کەرتی تەندروستی و پزیشکانی پسپۆڕ و لایەنە پەیوەندیدارەکان پلان بۆ ئەوە دادەنێت بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیمون بەشێوەیەکی مەترسیدار باری نائاسایی تەندروستی رابگەیەنێت.