زیاد جەبار: پەرلەمان پاشەکەوتی مووچە و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە تاوتوێ دەکات

05/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پەرلەمانی کوردستان پرسی پاشەکەوتی موچە و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم تاوتوێدەکات.

زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیرە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە ماوەی ھەشت ساڵە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە راگیراوە.

 وتیشی، راپۆرتەکە بابەتی پاشەکەوتی مووچە و ئەو قەرزانەی فەرمانبەرانیش کە لەلای حکومەتە، لەگەڵ پرسی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و نەبوونی یاسای بودجە و بابەتی باج و ڕسووماتیش لەخۆی دەگرێت.

زیاد جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە سوود لە ١٣ یاداشت وەرگیراوە کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دراوە بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە بەگشتی پەیوەندییان بە ژیان و گوزرانی ھاووڵاتیان و موچەخۆرانی ھەرێمەوە ھەیە.

جەختی لەوەشکردەوە، راپۆرتەکە دەدرێت بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، دواتر بەئامادەبونی وەزیری دارایی لەدانیشتنی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەردەکرێت.