فالح فەیاز: ھەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە رەزامەندی ھەموو لایەنەکانە

05/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە رەزامەندی ھەموو لایەنەکانە.

فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، نە چوارچێوەی ھەماھەنگی و نە ھیچ لایەنێکی دیکەی عێراق بەھەموو ئەوانەشەوە کە لەدەرەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگین، نە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختیان داوە، نە داوای لەو جۆرەشیان پێشکەشکردووە، بەڵکو تەنھا موقتەدا سەدر ئەو بابەتەی وروژاندووە وەک لایەنێکی سیاسیش مافی خۆیەتی ئەو داوایەی ھەبێت.

وتیشی، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە رێگەچارەکان بۆ کێشە و ئاڵۆزییەکان، بەڵام پێویستە سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان رازی بن لەسەر ئەو ھەنگاوە و پێویستە کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش لەبەرچاوبگیرێت، چونکە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە.