ھاتوچۆی سلێمانی: تابلۆی پێنج ژمارەیی دەدرێت بە ھاوڵاتییان

04/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، دوا بەدوای خستنە بەردەستی تابلۆی چوار ژمارەیی، ھاتووچۆی سلێمانی بڕیاریدا تابلۆی پێنج ژمارەیی بخاتە بەردەست بۆ ئەو ھاوڵاتییانەی ئارەزوومەندن بیکڕن و وە بڕی ڕسوماتەکەی بریتییە لە (٢) دوو ملیۆن دیناری عێراقی.

لەبارەی میکانیزمی دابەشکرنی ژمارەکان، ھاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، تابلۆی ٥ ژمارەیی بە ھەمان میکانیزمی پێشوو بەردەست دەبێت و لە ڕێگەی ماڵپەڕی ھاتووچۆی سلێمانییەوە داواکاری پێشکەش دەکرێت.

دەشڵێت، ھاتووچۆی سلێمانی لە پێناو کارئاسانی زیاتر بۆ ھاوڵاتییان سیستەمەکەی زیاتر بەرەو پێش بردووەو  لەدوای پڕکردنەوەی فۆرمی داواکارییەکە راستەوخۆ ھەموو ئەو زانیارییانەی ھاوڵاتییەکە پڕی دەکاتەوە، لە پەڕەیەکدا تۆمار دەبن و دواتر لە ماڵپەڕەکە سەردانی بەشی بەدواداچوونی مامەڵە دەکرێت و ھاوڵاتی دەتوانێت ئەو پەڕەیە چاپ بکات و  وەک داواکاری بەکاری بھێنێت بەبێ ئەوەی دووبارە پێویست بکات لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان داواکاری بۆ ژمارەکەی پێشکەش بکات. 

راشیگەیاند، رۆژی ٦ی ئەم مانگە، واتە شەممە دیاریکراوە بۆ کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی داواکاری بۆ تابلۆی پێنج ژمارەیی و سەعات ٨ی ئێوارە دەستپێدەکات.

لەدوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە داواکار بۆ رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی دەکات بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکەی.

باسی لەوش کردووە، دەستپێکی ژمارەکان لە (١٠٠٠٠) دە ھەزار دەست پێ دەکات بۆ (٩٩٩٩٨) وە بە پیتەکانی  (N-Z) بەردەست دەبێت بێجگە لە ژمارە نایابە دووبارەبووەوەکان (١١١١١) بۆ (٩٩٩٩٩). 

بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت، وەرگرتنی ژمارەکان بۆ یەک ھاوڵاتی تەنھا یەک ژمارە ڕێگەپێدراوە و ئەگەر ھاوڵاتییەک لە تابلۆ چوارییەکان ژمارەیەکی بە ناوەوە بێت ناتوانێت داواکاری بۆ تابلۆی پێنج ژمارەیی بەناوی خۆیەوە تۆمار بکاتەوە.