بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی: کۆمپانیای نالیا قەرزەکانی نەداوەتەوە

04/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی رەتیکردەوە سەرۆکی کۆمپانیای نالیا قەرزەکانی بۆ تەواوکاری مووچە دابێتەوە و دەڵێت، ئەو کۆمپانیا ٨٤ ملیار دینار قەرزارە و تا ئێستا نەیگێڕاوەتەوە بۆ خەزنەی دەوڵەت.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە چەند پەیج و ئەکاونتێکی سۆشیال میدیا ئاماژە بەوە کراوە قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا دراوەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە سەرۆکی کۆمپانیای نالیا قەرزەکانی بۆ تەواوکاری مووچە دابێتەوە و دەڵێت، ئەو کۆمپانیا ٨٤ ملیار دینار قەرزارە و تا ئێستا نەیگێڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

وەیان بڵاویانکردەوە کە قەزرەکانی کۆمپانیای نالیا، لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە یەکلاکراوەتەوە و سەرۆکی کۆمپانیاکە بڕیاریداوە بۆ تەواوکاری موچەی مانگی تەمووز بڕی ٨٠ ملیار دینار بداتە موچەخۆرانی سنوری سلێمانی.

روونیشیکردەوە، لە ڕاستیدا کۆمپانیای نالیا بڕی قەرزەکەی ٨٤ ملیار دینارە و تا ئێستا نەیگێڕاوەتەوە بۆ خەزنەی دەوڵەت، ھەربۆیە سەرلەبەری ئەو ھەواڵ و چەواشەکارییانە ڕەتدەکەنەوە، چونکە تا ئێستا کۆمپانیای نالیا ھیچ قەرزێکی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان پاکتاو نەکروەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم داواشی لە سەرجەم ئەو کەسانە کرد کە قەرز و ئاسانکاری حکومەتیان لاماوە قەرزەکانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی.