پێنج مووشەکی بالیستی چین بەر ناوچەیەکی ژاپۆن کەوتوون

04/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن رایگەیاند، ٥ لەو ٩ مووشە بالیستیانەی چین لە مانۆڕەکەیدا لە ئاوەکانی دەورەبەری تایوان تاقیکردوونەتەوە بەر ناوچەیەکی ئابوری وڵاتەکەی کەوتوون.

لەکاردانەوەی سەردانەکەی نانسی پیڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، سوپای چین گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە ئاوەکانی دەوروبەری ئەو ھەرێمە ئەنجامدا و چەندین جۆر موشەکی تاقیکردەوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند، چین ژمارەیەک موشەکی بالیستی بە ئاسمانی ھەرێمەکەیاندا ھەڵداوە و فرۆکە جەنگییەکانیش ٢٢ جار ھاتوونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانیان.

ھاوکات وەزارەتی بەرگری ژاپۆن ڕایگەیاند، ٥ لەو ٩ موشەکە بالیستییانەی چین لە مانۆڕەکەیدا تاقیکردونەتەوە بەر ناوچەیەکی ئابوری وڵاتەکەیان کەوتوون، ئەوەش جاری یەکەمە کاری لەو جۆرە ڕووبدات.

ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتەکەی لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە ناڕەزایی خۆی گەیاندۆتە بەرپرسانی چین و بە کێشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی ھاوڵاتیان ناوی بردووە.