سبەینێ پوتن و ئەردۆغان لە سوچی کۆدەبنەوە

04/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕوسیا بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتن کۆبووە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و ئەجێندای دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی پوتن و ئەردۆغان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆ لەبارەی دووبارە سەرھەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ھەرێمی قەرەباغ کراوە و جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و روسیا.

وتیشی، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە ئەجێندای دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان پوتن و ئەردۆغان کە بڕیارە رۆژی ھەینی لە سوچی کۆببنەوە، دیدارەکەی ھەردوو سەرۆک، دووەم دیدارە لە ماوەی ١٧ رۆژدا، ئەوەش دوای ئەوەی ٢٠ی مانگی رابردوو لە تاران چاویان بەیەک کەوت.