چین مانۆڕی سەربازی لە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەی تایوان دەستپێکرد
کوردسات نیوز
لە کاردانەوەی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان، چین مانۆڕی سەربازی لە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەی تایوان دەستپێکردوو و چەند ھاوەنێکی ھەڵدا، تایوانیش دەڵێت ئامادەن بۆ جەنگ.
مانۆڕە سەربازییەکەی چین بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و بە گەورەترین مانۆڕ دادەنرێت لە کە دەوروبەری تایوان ئەنجامیبدات، بڕیارە ٥ رۆژ بەردەوام بێت و چەندین ناوچە دەگرێتەوە.
ھێزە چەکدارەکانی تایوانیش رایانگەیاند، ئەو مانۆڕە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆرھەڵاتی ئاسیا دروست دەکات و بەبێ ئەوەی جەنگیان بوێت ئامادەن بۆ جەنگ.
وەزارەتی بەرگری تایوانیش رایگەیاند، چین ٢٧ فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ناوچەکە کردووە و ٢٢یان ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان چین و تایوانی تێپەڕاندووە.
مانۆڕەکەی چین کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، "جۆزێب بۆریل" نوێنەری سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی کردووە.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی باشوری خۆرھەڵاتی ئاسیاش رایانگەیاند، مانۆڕەکەی چین سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات و روبەڕوبوونەوەی مەترسیدار دروست دەبێت.
ئەمریکاش لە زاری لێپرسراوێکی باڵاوە وتی، مانۆڕەکەی چین نابەرپرسانەیە و ھۆشداریدا لەوەی رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵ دەربچێت.
|