لە ئیستەنبوڵ پشکنین بۆ یەکەم کەشتی ھەڵگری دانەوێڵەی ئۆکراین کرا

03/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تیمێک لە لێپرسراوانی روسیا و ئۆکراین لە گەرووی بۆسفۆر لە ئیستەنبوڵ، پشکنین بۆ یەکەم کەشتی ھەڵگری دانەوێڵەی ئۆکراین کرا، ئەوەش لەسەر داواکاری روسیا بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرھەمەکانی ناو کەشتییەکە.

ئەو کەشتییە ناوی "رازونی"یە و ئاڵای سیرالیۆنی لەسەرە، ٢٦ ھەزار تۆن دانەوێڵەی ئۆکراینی پێیە و دوای تەواوکردنی پشکنین و رێکارەکان بەرەو تەرابلوس لە لوبنان بەڕێدەکەوێت. 

بەڕێکردنی ئەو کەشتییە دوای ئەوەھات کە لە ٢٢ی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان روسیا و ئۆکراین و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، تێیدا رێککەوتنێک ئیمزاکرا بۆ ھەناردەکردنی سەرجەم ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانەی لە بەندەرەکانی ئۆکراین گیریان خواردوە.

کۆتایی مانگی رابردوو ھەناردەکردنی گەنم لە ئۆکراینەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان دەستیپێکرد، ئەمریکاش داوا لە روسیا دەکات، رێز لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ھەناردەکردنی گەنم بگرێت.