نانسی پیلۆسی: پابەندین بە بەڵێنەکانمان بەرامبەر تایوان

03/08/2022
نانسی پیلۆسی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"نانسی پیلۆسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، پابەنددەبن بە بەڵێنەکانیان بەرامبەر تایوان، چینیش باڵیۆزی ئەمریکای لە وڵاتەکەی بانگھێشت کردەوە.

"پیلۆسی" لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ "تسای ئینگ ون" سەرۆکی تایوان رایگەیاند، ئەمریکا پشت ناکاتە ئەو بەڵێنانەی بە تایوانیان داوە و پابەنددەبن پێوەی. وتیشی لە سەردانەکەیدا دەیەوێت پەیامێک پێشکەشبکات کە ھیچ گومان و گۆڕانکارییەکی تێدانییە لە ھەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە تایوان. 

لە درێژەی کاردانەوەکانیشدا لەسەر سەردانەکەی پیلۆسی، وەزارەتی دەرەوەی چین باڵیۆزی ئەمریکای لە بەیجینگ بانگھێشتکردەوە و راشیگەیاند، ئەو سەردانە لێکەوتەی زۆری دەبێت و چین دەستەوسان ناوەستێت. 

ھاوکات وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاویکردەوە، مانۆڕە سەربازییەکانی چین پێشێلکاری گەورەیە و وەڵامیان دەبێت لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەیان. 

وەزارەتی دەرەوەی تایوانیش بڵاویکردەوە، تایوان سەربەخۆیە و سەر بە کۆماری میللی چین نییە، جموجوڵ و نیگەرانییەکانی چینیش لەسەر سەردانەکەی پیلۆسی کێشەکان گەورەتر دەکات و مەترسی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی دروستدەکات.