کەشناسی عێراق: ئەمڕۆ لە ھەشت پارێزگا پلەکانی گەرما دەگەنە نیوەی کوڵان

03/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکات ڕۆژی ھەینی داھاتوو ئەو شەپۆلی گەرمایە کۆتایی بێت، کە چەند ڕۆژێکە بەردەوامە.

سەبارەت بە کەشوھەوای ئەمڕۆش کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، پلەی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار دەکات و لە ھەشت پارێزگا، دەگاتە ٥٠ پلەی سلیزی کە پارێزگاکانی دیالە و ئەنبار و بەغداد و کەربەلا و بابل و واست و نەجەف و قادسیە دەگرێتەوە.

دەستەی کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژی پێنجشەممەش بەھەمان شێوە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە و لە ناوچەکانی باکور لە ھەندێک شوێن ئاسمان نیمچە ھەوردەبێت و پلەکانی گەرماش وەک ڕۆژانی ڕابردوو دەبێت. 

ھەر بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ڕۆژانی پێنجشەممە و یەکشەممە و دووشەممەی داھاتووی کردە پشووی فەرمی.