ناوی دووکەس بۆ جێگرەوەی ئەیمەن زەواھیری دەھێنرێت

02/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوا بەدوای کوشتنی"ئەیمەن زەواھیری"سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە، ناوی دوو کەس دەھێندرێت کە زۆرترین چانسیان ھەیە بۆئەوەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە بگرنە دەست.

سەرچاوەکانی ھەواڵ باسیان لەوەکردووە، ھەریەک لە"محەمەد سەڵاحەدین عەبدولحەلیم زێدان" ناسراو بە" سەیف عەدل" لەگەڵ " ئەبو عەبدولڕەحمان ئەلمەغریبی" زاوای ئەیمەن زەواھیری زۆرترین چانسیان ھەیە بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە. 

پەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، سەیف عەدل بەڕەگەز میسرییە و لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدەوە کردووە و ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە بونیاتنانی تواناکانی قاعیدە ھەروەھا لەلایەن واشنتۆنەوە تۆمەتبارە بەوەی کەمپی مەشق و ڕاھێنانی لە سودان و سوماڵ و ئەفغانستان بۆ قاعیدە دامەزراندووە.

سەبارەت بە "ئەلمەغریبی" زاواکەی زەواھیری، سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی قاعیدەیە و  سەرۆکی لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە بووە  و ھونەرێکی زۆری ھەیە لە خۆ ونکردن لە بەرامبەر نەیارەکانی.