ئەمساڵ ٧٥٠٠ کۆچبەر لە تونسەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا

02/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە حەوت ھەزار و ٥٠٠ کۆچبەری نایاسایی لە تونسەوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، لەم سێ ساڵەی دواییشدا تونس بووەتە ناوەندێک بۆ کۆچکردن بەرەو ئەوروپا.

بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تونس، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە حەوت ھەزار و ٥٠٠ کۆچبەری نایاسایی لە تونسەوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، کە نزیکەی نیوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە لە مانگی رابردوودا گەیشتوونەتە ئیتاڵیا. ھاوکات ھێزە ئەمنییەکانی تونس زیاتر لە ٩٢٠ ھەوڵی دەرچوونی کۆچبەرانیان ھەڵوەشاندووەتەوە و رێگەشیان لە ١١ ھەزار و ٥٠٠ کۆچبەری نایاسایی گرتووە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا کۆچ بکەن، کە ٦٠%یان ھاووڵاتیی تونسی و ٤٠%یان خەڵکی وڵاتانی تر بوون.

لەم سێ ساڵەی دواییدا تونس بووەتە ناوەندێک بۆ کۆچبەران، تاکو لەرێگەی ئەو وڵاتانەوە کۆچ بکەن، ھۆکارەکەشی بۆ گونجانی کەشوھەوا و نزیکی ئەو وڵاتە لە ئیتاڵیا و چالاکبوونی تۆڕەکانی قاچاخچێتی کۆچبەران لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.