فەیسبوک کارکردنی کارمەندەکانی لە ماڵەوە درێژ دەکاتەوە

10/06/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە ھەواڵێکی ئاژانسی "BBC"دا ھاتووە، کە کۆمپانیای فەیسبووک ڕێگە بە کارمەندەکانی دەدات بەردەوام بن لە کارەکانیان لە ماڵەکانیانەوە تەنانەت دوای کۆتایھاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناش.

بە گوێرەی ھەواڵەکە، کۆمپانیای ناوبراو ڕایگەیاندووە، ھەر کارمەندێک ئەگەر ئەرک و ڕۆڵەکەی دەتوانرێت لە دەرەوەی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاش ڕابپەڕێندرێت ئەوا دەتوانێت داوای مۆڵەتی کارکردن لە ماڵەوە یاخود دەرەوەی کۆمپانیا بکات و ئەوانیش مۆڵەتەکەی پێدەبەخشن.


لەو بارەیەشەوە "مارک زوکەربێرگ"ی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە پلان دادەنێن تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ کارمەندەکانیان لە ماڵەکانیانەوە درێژە بە کار و خزمەتگوزارییەکانیان بدەن.
ناوبراو پێشتریش ڕایگەیاندبوو لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا نیوەی کارمەندەکانیان کە لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی ٦٠ ھەزار کەسە، لە ماڵەکانیانەوە کارەکان ڕادەپەڕێنن.


ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت فەیسبوک تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تەواوی ئۆفیس و خزمەتگوزارییەکانی کارا بکاتەوە، بەڵام ئەو کارمەندانەی کە مۆڵەتی کارکردنیان لە ماڵەکانیانەوە نیە بەلایەنی کەمەوە دەبێت نیوەی کاتی دیاریکراوی کارکردنیان لە ئۆفیسەکانی کۆمپانیا بەسەر ببەن.


جێی ئاماژەیە، کۆمپانیا گەورەکانی ڕکابەری فەیسبوکیش وەک گوگڵ و ئەپڵ لە ئێستادا مەرجەکانی کارکردنی ماوەی کەرەنتین و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیان ھەڵوەشاندووەتەوە و داوایان لە کارمەندەکانیان کردووە کە بۆ کارکردن بگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسەکانی کۆمپانیا.