وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

10/06/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند "پەکەکە" چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی ناردووە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو ھەرێم.

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی "پەکەکە" پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستانیان داوە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە.


ئاماژەی بەوەشداوە "پەکەکە" چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو ھەرێم بۆ بە کارھێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ھەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی، بەڵام پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ھەرێم بە گشتی و ھەولێری پایتەخت ھێڵی سوورە و ڕێگا نادەن لە ژێر ھیچ بیانوویەک و لە ژێر ناوی ھیچ گرووپێک ئەو سەقامگیریە تێکبدرێت.


وەزارەتی ناوخۆ داواش لەو گرووپانە دەکات ئەگەر بە ڕاست نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاڕاستەی قەندیل بکەن، و داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی ھەرێم.