عێراق پلانی بۆ وەبەرھێنانی ئەتۆم ھەیە بە بڕی ٤٠ ملیار دۆلار

10/06/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرایکردووە: حکومەتی عیراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ دامەزراندنی ٨ وێستگەی ئەتۆمی ‌و ئامانج لەو پلانەش بەرھەمھێنانی کارەبایە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی ٤٠ ملیار دۆلاری بۆ تەرخان دەکات.

کەمال حسێن لەتیف سەرۆکی دەزگای عێراقیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕایگەیاندووە: پلانمان ھەیە ٨ وێستگەی ئەتۆمی دروست بکەین بە مەبەستی بەرھەمھێنانی نزیکەی ١١ گێگاوات کارەبا و حکومەتیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە گفتوگۆی لەگەڵ لێپرسراوانی ڕووسیا و کۆریای باشوور و کۆمپانیا جیھانییەکانی ئەو بوارە کردووە.


ئاماژەی بەوەشکردووە: بە پێی پێشبینییەکان وڵاتەکەمان بە بێ بوونی وزەی ئەتۆم پێش ساڵی ٢٠٣٠ ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە.


ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئێستا عێراق ١٠ گێگاوات کارەبا کورتھێنانی ھەیە بۆ ئەوەی تەواوی پێداویستی وڵات پڕبکاتەوە و پێشبینی دەکەین لە ١٠ ساڵی داھاتووشدا وڵاتەکەمان پێویستی بە ١٤ گێگاوات کارەبای زیاتر ببێت، بۆیە ئیستا ئامادەکاری بۆ پلانەکە دەکرێت و ٢٠ شوێن بۆ دروستکردنی وێستگەی ئەتۆم دەستنیشان کراوە و پێدەچێت ساڵی داھاتوو یەکەمین گرێبەست بۆ دامەزراندنیان ئیمزا بکرێت.