دوای جەژن سەرۆکی تورکیا سەردانی ئێران دەکات

06/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بۆ تاوتوێکردنی پێشھاتە ھەرێمییەکان، دوای جەژنی قوربان "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئێران دەکات.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە "ئەردۆغان" ١٩ی ئەم مانگە سەردانی تاران بکات و لەگەڵ "ئیبراھیم رەئیسی" ھاوتا ئێرانییەکەی کۆببێتەوە و پێشھاتە ھەرێمییەکان تاوتوێ بکەن. 

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ تاران دوای سەردانەکەی "حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران دێت بۆ تورکیا، کە ٢٧ی مانگی رابردوو ئەنجامیدا.

"عەبدوڵاھیان" لەو سەردانەیدا لەگەڵ "مەولود چاوش ئۆغلۆ" ھاوتا تورکییەکەی کۆبۆوە و رایگەیاندبوو، تاران لە مەترسییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە لە سوریا تێدەگات. وتیشی ئێران ھەوڵی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی دەدات لەڕێی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و سوریا.