لە رووداوێکی تەقەکردندا لە دانیمارک سێ کەس کوژران
کوردسات نیوز
رووداوێکی تەقەکردن لە شاری کۆپنھانگن لە دانیمارک ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە ، پۆلیسی وڵاتەکەش بەدووری نازانێت رووداوەکە تیرۆریستی بێت.
پۆلیسی دانیمارک بڵاویکردەوە، چەکدارێک لە یەکێک لە گەورەترین مۆڵەکانی "کۆپنھانگن" تەقەی کردووە و سێ کەسی کوشتووە و چوار کەسی تریش برینداربوون. ئاشکراشیکرد تۆمەتبارەکە ناسراوە و دەستگیرکراوە و تەمەنی ٢٢ ساڵە و خاوەن پێشینەیە و کێشەی دەروونی ھەیە، بەدووریشی نازانن رووداوەکە تیرۆریستی بێت.
"متە فریدریکسن" سەرۆک وەزیرانی دانیمارکیش نیگەرانی لەو رووداوە دەربڕیوە و داوای لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە ھەماھەنگ بن، وتیشی رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە خەڵک سەرقاڵی بازاڕی کردن و نان خواردن بوون لە مۆڵەکەدا و ترس و شڵەژاوی زۆری دروست کردووە.
بە پێی راپۆرتی دەزگاکانی ئەمن و ھەواڵگری دانیمارک، ھەڕەشەی تیرۆر لە وڵاتەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و مەترسییەکەش لە لایەن توندڕەوانە دروست بووە. دوایین پەلاماریش لە دانیمارک لە ساڵی ٢٠١٥ روویدا، کە لە رووداوێکی تەقەکردندا دوو کەس کوژران و شەش ئەندامی ھێزەکانی پۆلیسیش برینداربوون.
|