قوباد تاڵەبانی: گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی بەشێکە لە بەڵێنەکانمان

03/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە مەراسیمی کردنەوەی دوو نەخۆشخانە لە سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی بەشێکە لە بەڵێنەکانمان بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان.

لە سلێمانی دوو نەخۆشخانەی منداڵان کە ھەریەکەو توانای لەخۆگرتنی ٣٠ تەختیان ھەیە کرانەوە. بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، یەکێک لە نەخۆشخانەکان لەڕووی پێشکەوتووییەوە دەبێتە سێھەم نەخۆشخانە لە ئاستی عێراق، ئەوەی دیکەشیان کلینیکی راوێژکارییە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەڵێنمان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوە کە خزمەتکاریان بین و لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە کەرتی تەندروستی بە بەھێزی بھێڵنەوە.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، فشاری زۆر کەوتووەتە سەر کەرتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، وتیشی لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دوو نەخۆشخانەی کۆئەندامی ھەرس و جگەری فێرکاری و نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵانمان کردەوە.

راشیگەیاند، "سەرباری ھەموو کەموکوڕییەکان وهەشت ساڵ قەیرانی دارایی، کەرتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بە ھەوڵ و ھیمەتی بەڕێوەبەران و پزیشکان و کارمەندەکانی باشترینە لەسەر ئاستی عێراقدا."

باسی لەوەش کرد، بە وردی ئاگاداری کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستین، کار و پڕۆژەی گەورەترمان بە دەستەوەیە و بە پشتبەستن و بە ھاوکاری پزیشک و کارمەندە بە تواناکانمان بەرەو ئامانجەکانمان ھەنگاو دەنێین. 

ھاوکات، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێک لەو نەخۆشخانانەی کە لە سلێمانی دەکرێنەوە، چارەسەری پزیشکی لە بواری ھەرس و گەدە و کۆڵۆن پێشکەش دەکات و لەم بوارەدا دەبێتە سەنتەرێکی گرنگی راھێنانی کەسانی دیکە.


وتیشی، بەھۆی دروستکردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە، فشارەکان لەسەر نەخۆشخانەکانی منداڵان کەم دەبێتەوە.