لە شارێکی روسیا تەقینەوە رویدا و زیاتر لە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا

03/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە شاری بێلگۆرۆد لە روسیا تەقینەوەیەک رویدا و لانیکەم سێ کەس کوژراون و دەیان باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.

پارێزگاری شاری بێلگۆرۆد، ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ لە ئەپی نامە ناردنی تێلیگرام بڵاویکردەوە، لانیکەم ١١ باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ٣٩ خانوو زیانیان بەرکەوتووە، کە پێنجیان وێران بوون.

گلادکۆڤ پێشتر رایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوە لە "روداوێک" دەکرێت و ئاماژەی بەوشکرد، "پێدەچێت، سیستەمی بەرگری ئاسمانی کاری خۆی کردبێت".

پارێزگار رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی رودانی چەند تەقینەوەیەک لەو شارە، لانیکەم سێ کەس کوژراون و دەیان باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.

گلادکۆڤ وتی لانیکەم چوار کەس برینداربوون و دوو کەسیش لە نەخۆشخانە خەوێندراون، کە یەکێکیان کوڕێکی تەمەن ١٠ ساڵە

بێلگۆرۆد، شارێکە کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەسە و نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە باکووری سنووری ئۆکراین دوورە. لەوەتەی ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتەوە دەستی بە لەشکرکێشی کردووە، چەندین ڕاپۆرت لەبارەی ھێرشکردنە سەر بێلگۆرۆد و ناوچەکانی دیکەی ھاوسنوور لەگەڵ ئۆکرانیا بڵاوبوونەتەوە، مۆسکۆ کیێڤی بە ئەنجامدانی ھێرشەکان تۆمەتبار کردووە.