کاری قاچاخیکردن بە بەرھەمە نەوتییەکان حکومەتی عێراقی ھەراسانکردووە

01/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کاری قاچاخیکردن بە بەرھەمە نەوتییەکان لەلایەن باندە قاچاخچییەکانەوە، حکومەتی عێراقی ھەراسانکردووە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق ھەڵمەتێکی بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخی سوتەمەنی و کەرەستە نەوتییەکان دەستپێکردووە.

بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، نزیکەی ھەزار کەسیان دەستگیرکردووە کە کاری قاچاخی نەوت و بەنزین وغازیان کردووە و دەستیشیان بەسەر ٧٠٠ تانکەری قاچاخی سوتەمەنیدا گرتووە.

بە پێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ٩ پارێزگای ناوەڕاست و باشوری عێراق لە ئۆپراسیۆنێکدا ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزین و غازی قاچاخ دەستیبەسەرداگیراوە، کە ھەوڵدراوە لەڕێگەی ١٨ تانکەرەوە بگوازرێتەوە و شۆفێرەکانیشیان دەستگیرکراون.

لیوا"غانم ئەلحوسەینی"بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ووزە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکردووە، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە ٣٥ وێستگەی سوتەمەنی داخراون کە بە نایاسایی کاریان کردووە و خاوەنەکانیان ڕەوانەی دادگا کراون.

لە ھەندێک ناوچەی عێراق لەلایەن باندەکانی بە قاچاخبردنی نەوت بۆری نەوتییەکان کوندەکرێن دواتر بە تانکەر لەناوخۆیی وڵات و ھەندێکجار دەنێردرێن بۆ دەرەوە ساخدەکرێنەوە، ھەر لەوبارەیەوە مانگی ڕابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ ئەوەی بۆرییە نەوتییەکانی عێراق بپارێزن.

حاکم زاملی جێگری یەکەمی پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەکردووە، بەقاچاخبرنی بەرھەمە نەوتییەکان لەلایەن باندەکانەوە ھێندە زۆرە دەگاتە نیوەی قەبارەی سەرچاوەی راستەقینەی نەوتی عێراق.

دۆسێی بەقاچاخبرنی سوتەمەنی بەتایبەت نەوت بووەتە گرێکوێرە و حکومەتی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی نییە و بەرپرسانی عێراقیش خۆیا نەیان شاردووەتەوە کە باندەکان ھێندە گەورەن کە ڕووبەڕووبوونەوەیان ئەستەمە.