لە عێراق بەرزترین رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لەماوەی ساڵێکدا تۆمارکرا

30/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرزترین رێژەی لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا تۆمارکرد و تەنھا لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و دوو توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردەوە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٢٧٦٩ کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە ٥٠٧ کەسیان لە ھەرێمی کوردستانن، دوو توشبوش گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان لە نەجەف و ئەوەی دیکەیان لە ھەولێرە.

ئامارەکانی کۆرۆنا لەبەرزبوونەوەدان و ئاماری توشبوانی ئەمرۆ بەرزترین رێژەیە لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا و بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن، ھەڵکشانی ئامارەکان ئاماژەی دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسەکەیە لە عێراق.

ڕوبا فەلاح ئەندامی تیمی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، سەرھەڵدانی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق چاوەڕوان کراو بوو، چونکە ھاوڵاتیان پابەند نین بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و بە پێی پێویست ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارناھێنن کە لە تەواوی ناوچەکانی عێراقدا بەردەستە.