عێراق خاوەنی ١٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە و لە پلەی چوارەمی جیھاندایە

29/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕێکخراوی ئۆپیک ڕایگەیاند، عێراق لە پاشەکەوتی نەوتی سەلمێنراوی جیھان لە ڕیزبەندی چوارەمەدایە و خاوەنی ١٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، یەدەگی نەوتی خاوی سەلمێنراو لە جیھاندا تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، یەک ترلیۆن و ٥٤٥ ملیار بەرمیل بووە و پشکی ئۆپێکیش لەم یەدەگانە گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و  ٢٤١ ملیار بەرمیل.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە پلەی چوارەمی جیھاندایە لە گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی جیھاندا، بە ١٤٥ ملیار بەرمیل، ڤەنزوێلاش بە یەدەگی  ٣٠٣ ملیار بەرمیل پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، و سعودیەش بە یەدەگی ٢٦٧ ملیار بەرمیل پلەی دووەمی بەدەستھێناوە، ئێرانیش بە ٢٠٨ ملیار بەرمیل لە پلەی سێیەمدایە.

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی گەورەترین یەدەگن لەسەر ئاستی جیھان، بە ٨٦٩ ملیار بەرمیل، ئەمەش لە سایەی یەدەگی سعودیە و ئێران و عێراق و کوەیت و ئیماڕات.